دیمهنێكی پرۆژهى ئاوى ئیفراز سێی ههولێر. وێنه: KRG
964 دەستپێشخەربوو
گۆڕانكاری لە كەرتی ئاوی هەرێمدا دەكرێت
964+
محەمەد فاتیح
گۆڕانکاری لە شێوازی تاریفە و هاوبەشی ئاو لە هەرێمی كوردستاندا دەکرێت، لەكاتێكدا پێشتر ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، بۆ 964ـی ئاشكرا كرد، دەكرێت گۆڕانكاری لە كەرتی ئاودا بكرێت و دەستكاری نرخەكەی بكرێت.
بەمەبەستی دووبارە داڕشتنەوەی تاریفەی ئاو لە هەرێمی کوردستان و گونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییە بەردەوامەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییهكان بۆ هاوڵاتییان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وهزارهتی شارهوانی و گهشتوگوزار، بەهەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی VNGـی هۆڵەندی وۆرکشۆپێکی لە شاری هەولێر ڕێكخست.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە:
-له وۆركشۆپهكەدا تاوتوێی چەندین پێشنیار و دیراسە و پلانی تایبەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو له سێكتهری ئاودا کرا.
-بەتەواوبوونی پڕۆژەکە، گۆڕانکاری لە شێوازی تاریفە و هاوبەشی ئاودا دەکرێت.
– گۆڕانكارییەكان بەجۆرێک دەبێت، لەگەڵ رەوشی ئابووریی هاوڵاتییان زیاتر بگونجێت.
-ئاستی خزمەتگوزارییهكان بۆ هاوبەشانی ئاو بەرزتر دەبێتەوە و پەرەی زیاتر بە خزمەتگوزارییهكانی ئاو بۆ هاوبهشان دهدرێت.
لە 15.5.2025، دوای ئەوەی كەرتی كارەبای هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری گەورەی بە خۆوە بینی و پڕۆژەی رووناكی نیشتمانی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری جێبەجێكرا و نرخەكەشی دیاریكرا، 964 بەدواداچونی بۆ كەرتی ئاو كرد و بۆی دەركەوت، بۆی هەیە هاوشێوەی كەرتی كارەبا گۆڕانكاری بەسەردابێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، دوای ئەوەی دەستخۆشی لێكردین بۆ بیرۆكە و بەدواداچوونەكەمان، بە 964ـی وت، سەبارەت بە گۆڕانكاری لە كەرتی ئاو لە هەرێمی كوردستان و دانانی نرخی نوێ هاوشێوەی كەرتی كارەبا، بە گوێرەی پێویست و توانای هاوڵاتیان و بە رەچاوگرتنی بارودۆخی ئابووریی گشتی، دەكرێت گۆڕانكاری لە كەرتی ئاویشدا بكرێت و دەستكاری نرخەكەی بكرێت، بەڵام تا ئێستا بە پێویستیان نەزانیوە، لەبەر ئەوە هیچ گۆڕانكارییەكیان نەكردووە.