پەسەندى کرد
رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ـى عێراق رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرا
964+
وریا فەتاح
ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، پاش تاوتوێکردنی، رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی دارایی 2027 ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد بەمەبەستی دەنگدان لەسەری.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، تێێدا هاتووە، ئەنجومەنەکە لە دوازدەیەمین دانیشتنی خۆیدا گفتوگۆی لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2027 کردووە.
لە نووسراوەکەدا کە ئاراستەی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە هاتووە، رەشنووسەکە لەسەر داوایەکی بەپەلەی وەزارەتی دارایی خراوەتە روو، بڕیاریش دراوە پڕۆژە یاساکە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، بەو مەرجەی رەچاووی تێبینییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری بکرێت لەسەر رەشنووسەکە.
بەڵگەنامەکە لەلایەن (فالح ساری)، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری و وەزیری داراییەوە واژۆ کراوە، و ئەمەش هەنگاوی یەکەمە بۆ پەسەندکردنی بودجەی ساڵی داهاتوو لەلایەن حکومەتەوە پێش ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت.