"خەڵکانێکی زۆر پارەکەیان دەکەن بە دۆلار"
دۆلار زیڕەی بە دینار و تمەن کردووە و نایەڵێ بستێک بجوڵێن
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
چەند رۆژێکە دۆلار زیڕەی بە دینار و تمەن کردووە و نایەڵێ بستێک بجوڵێن، ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بە 158 هەزار و 750 دینار تا 159 هەزار دینار لە بازاڕی هەولێر مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەرامبەر تمەنی ئێرانیش، 22 ملیۆن و 750 هەزار تمەن دەکات بە حەواڵە.
کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، “مامەڵەی دۆلار بە دینار لە نێوان بەغدا و هەولێر 750 دیناری فەرقە، ئەمریکا فشاری کردووەتە سەر عێراق و داوای کردووە، گروپە چەکدارەکان چەک دابنێن، ئەگەرنا سزای زیاتر دەسەپێنین و ئەوەش خەڵکی ترساندووە و هەموان پارەکەی خۆیان دەکەن بە دۆلار”.
بەقسەی کەیفی خۆشناو، خەڵکانێک هەن وازیان لە مامەڵەی زەوی و خانووبەرە یان زێڕ و زیو هێناوە و هاتوونەتە ناو بازاڕی دراو، بۆیە ماوەیەکە خواست لەسەر دۆلار زیادبووە و ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەیە دۆلارە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری