ئاوەڕۆیه‌كی لوولەیی دوو گه‌ڕه‌كی بنه‌سڵاوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكرده‌وه،‌ كه‌ ده‌ستیان به‌ دروستكردنى پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆی لوولەیی كردووه،‌ كه‌ دوو گه‌ڕه‌ك له‌ قه‌زاى بنه‌سڵاوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

قەزای بنەسڵاوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێره‌.

به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، كه‌ ئەمڕۆ چوارشەممە 10.5.2023 بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، كه‌ لەسەر داهاتی شارەوانی، پڕۆژەیەكی گەورەی دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە قەزای بنەسڵاوە، دەستیپێكردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ دوو گەڕەكی قەزاكە لێی سوودمەند دەبن و به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پڕۆژه‌كه‌ به‌ گوژمەی 73 ملیۆن دینارە جێبه‌جێ ده‌كرێت،  كه‌ رێژەی 15%ی ئه‌و گوژمه‌یه‌ له‌سه‌ر داهاتی شارەوانی دابینكراوە.

ده‌شڵێت، بڕگەكانی پێكهاتوون لە دروستكردنی ئاوەڕۆیەكی لوولەیی لە نێوان هەردوو گەڕەكی ڕاپەڕین و گوڵان لە بنەسڵاوە، ئاوەڕۆكە بە درێژایی 350 مەتر و بۆریی تیرە 40 سانتیمەتر بە درێژایی 60 مەتر، لەگەڵ دروستكردنی هەشت مەنهۆڵ.

وەزارەتی شارەوانی روونیشیكردووەتەوە، ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی شارەوانی بنەسڵاوە و ئێستا چەندین پڕۆژەی دیكەش لە سنووری شارەوانی بنەسڵاوە لە قۆناغی جێبەجێكردندان.