وەزارەتى ناوخۆ وادەڵێت:

“زۆرینەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بڕاوەن و بۆ سەر جادە نابن”

هەژان هادی

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، زۆرینەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کە لە شەقامەکانی کوردستان هاتوچۆ دەکەن، بڕاوەن و بۆ سەر جادە نابن.

هێمن میرانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نزیکەی 7,000 ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هاتنە هەولێر و پشکنینیان بۆ کرا، لەو ژمارەیە تەنیا 300ـیان سەلامەتن و ئەوانی دیکە بڕاوەن و مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە و نابێت لە هیچ شوێنێکی کوردستان لەسەر شەقام بن.

هێمن میرانی روونیکردەوە، لە هەموو کوردستان ئەو بڕیارە هەیە، کە ئۆتۆمبێلی بڕاوە، ئۆتۆمبێلێک کە سەلامەت نەبێت، دەبێت لەسەر شەقام نەبێت، ئیتر ئەو ئۆتۆمبێلە لە سلێمانی بێت یان لە زاخۆ، جیاوازی نییە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکرد، هەر ئۆتۆمبێلێکی پارێزگاکانی عێراق لە هەرێم سەرپێچی هاتوچۆ بکات، غەرامە دەکرێت و بەپێچەوانەشەوە، هەر ئۆتۆمبێلێکی هەرێم لە پارێزگاکانی عێراق سەرپێچی بکات، غەرامە دەکرێت.