دیمەنی کۆمەڵێک سەگی بێلانە _ وێنە: 964
لە هەولێر و سۆران
حاڵەتەکانی گازگرتنی سەگ ناچار بە کۆکردنەوەیان دەکات
ئەحمەد مستەفا
لە هەولێر هەڵمەتێکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەستی پێکردووە، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و کەمکردنەوەی مەترسیی رووداوەکانی گازگرتن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن.
ئەم هەڵمەتە کە لە هەفتەی رابردووەوە لە سەنتەری شاری هەولێر دەستی پێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 150 سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە و بۆ شەڵتەری تایبەت گواستراونەتەوە.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی شارەوانی هەولێر و سۆران، لە مانگی 10ی ساڵی 2025 وە تا ئێستا، زیاتر لە هەزار و 404 کەیسی گازگرتنی سەگ لە سنووری هەولێر و سۆران تۆمار کراوە.
دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی خوێندنی نوێ، هاتوچۆی قوتابیان لە شەقام و ناوچەکانی دەوروبەری قوتابخانەکان زیاد دەبێت.
بەرپرسان ئامانجی سەرەکیی هەڵمەتەکە بە کەمکردنەوەی مەترسیی سەگە بێلانەکان و پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتییان، بە تایبەتی منداڵان و قوتابیان، دەزانن.