نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆکى حکومەتى هەرێم:

“لێدوانەکانى سەرۆکى حکومەت لە رۆژنامەى فاینانشەڵ تایمزی وەکخۆى بڵاونەکراونەتەوە”

وریا فەتاح

نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، لەبارەى لێدوانەکانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت بۆ رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی بەریتانی روونکردنەوە دەدات و دەڵیت: بە داخەوە نووسەری راپۆرتەکە، دەقی لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەتی وەکوو خۆی بڵاونەکردووەتەوە.

رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی بەریتانی ئەمڕۆ یەکشەممە 27.9.2026، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە چەند لێدوانێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتووە، نوسینگەکە رایگەیاندووە، ” بە داخەوە نووسەری راپۆرتەکە، دەقی لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەتی وەکوو خۆی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵکوو زیاتر بۆچوون و لێکدانەوەکانی خۆیەتی، نەک دەقی قسەکانی سەرۆکی حکومەت”.

وەک ئەوەى نوسینگەى مەسرور بارزانى بڵاوى کردووەتەوە، ئەمانەى خوارەوە دەقى گرنگترین لێدوانەکانى سەرۆکى حکومەتن بۆ رۆژنامەکە:

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە.

هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار جار رووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنی بووەتە.

بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە.

بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایشی عێراق، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی فیدراڵی.

ئێمە دۆست و هاوپەیمانی ئەمەریکاین، بەڵام لە هەمانکاتدا دەمانەوێ پەیوەندیی باشیشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان لە نێویشیاندا ئێران هەبێت.

پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەواممان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و هەمیشە دووپاتمان کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نییە لە شەڕ و ململانێ و مایەی هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەک.

هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ساڵانێکی زۆرە لە عێراق و هەرێمی کوردستانن کە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی سەددام حوسێن دەگەڕێتەوە.

پشتیوانیی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ عەلی زەیدی دەکەین لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و داماڵینی چەکی میلیشیاکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.

ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو زیادکردنی داهاتی گشتی و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان.

هەوڵ و گفتۆگۆکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.