"بەرەو دواوەی دەبەن"

دەوامی قوتابخانەیەک کراوە بە دوو دەوام و دایک و باوکی قوتابیان ناڕازین

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

دەوامی كۆمەڵگای پەروەردەیی كوردستان لە شاری سلێمانی كراوە بەدوو دەوام، دایكان و باوكانی قوتابیان لە بڕیارەكە ناڕازین و دەڵێن، بەو شێوەیە ناتوانن بەباشی ئاگاداری خوێندن و دەوامی منداڵەکانیان بن.

بەشێک لەو دایک و باوکانە لە بەردەم مەکتەبەکە گردبوونەوە، قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، “ئەمە بۆ یەکەم ساڵە دەوام لەم قوتابخانەیە کراوە بە دوو دەوام، لەبری ئەوەی قوتابخانەکان لە هەموو کوردستان ببێ بە یەک دەوام، کەچی ئەمان بەرەو دواوەی دەبەن و دەگەڕێنەوە دواوە”.

سەبارەت بەو کێشەیە، 964 قسەی لەگەڵ چنار حەسەن بەڕێوەبەری كۆمەڵگای پەروەردەیی كوردستان کرد، ئەو وتی، “ئێمە ناتوانین لەسەر بڕیارەكە هیچ بڵێین، لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە دەرچووە”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری