بڕیارەکە دێتەوە لای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
پەرلەمانی عێراق زانکۆی گەرمیانی بە فەرمی ناساند
میلاد جەلال – گەرمیان
پەرلەمانی عێراق زانکۆی گەرمیانی بە فەرمی ناساند و داننان بە زانکۆکە تەنیا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی ماوە.
د.ئاراس فەریق زەینەڵ سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە 27.9.2026 و دوای کۆبونەوەمان لە پەرلەمانی عێراق، حکومەتی عێراق دانی بە زانکۆی گەرمیاندا ناوە و رێکارەکانی تەنیا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی ماوە”.
“دانپێدانانەکە بەمجۆرەیە، ئەو سێ کۆلێژەی زانکۆی گەرمیان کە لە خانەقینن، دەبنە زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ ئەو شارە، دەبێت سەرۆکی زانکۆکە خەڵکی خانەقین بێت و قوتابی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش وەردەگرێت”، د.ئاراس وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە تەنیا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی ماوە، سبەینێ کۆنوسەکە دەنێرنە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەوێشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی وەردەگرت، راستەوخۆ دان بەزانکۆی گەرمیاندا دەنرێت و زانکۆکەی خانەقینیش دروست دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری