ناحیەی تەکیەی کاکەمەند وێنە: شارەوانییەکانی سلێمانی
لە تەکیەی کاکەمەند
دوو پڕۆژە بە بڕی 286 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن
+964
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوو پڕۆژەی ئاوەڕۆ و تێکەڵەڕێژکردن بۆ دوو گەڕەکی جیاواز لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند جێبەجێ دەکرێن.
بەپێی بڵاوکراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 14.7.2022 بلاوکراوەیەوە، لە پڕۆژەی یەکەمیاندا سێ کۆڵانی گەڕەکی هەرێم ئاوەڕۆ و تێکەڵەڕێژکردنی بۆ دەکرێت، بە گوژمەی 98 ملیۆن دینار، کە لە ئەنجامی فرۆشتنی زەویوزاری شارەوانییەوە دابینکراوە و بە شێوازى راستەوخۆ لەلایەن شارەوانیی تەکیەى کاکەمەندەوە جێبەجێدەکرێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی شارەوانییەکانى سلێمانییەوە سەرپەرشتى دەکرێت.
پرۆژەکە بە درێژى 100 مەتر توڵ ئاوەڕۆى لوولەییە، لە ماوەى 90 رۆژدا تەواو دەکرێت.
پڕۆژەی دووەمیان، پرۆژەى ئاوەڕۆ و تێکەڵەڕێژکردنى ناوچەى پیشەسازییە، گوژمەی تەرخانکراو بۆی 188 ملیۆن و 410هەزار دینارە، لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى سێمانی، پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیاى شۆراوەوە جێبەجێدەکرێت بە سەرپەرشتى شارەوانیى تەکیەى کاکەمەند، ماوەى تەواوبوونى پرۆژەکە 150 رۆژە.
شارەوانییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پرۆژەیە دەسپێکى دروست کردنى ناوچەیەکى پیشەسازى مۆدێرنە کە سودێکى زۆرى بۆ پیشەوەرانى ناحیەکە دەبیت، بە شێوەیەک هەموویان لە یەک جێگا کۆ دەکرێنەوە ئەمەش وادەکات سیمایەکى جوانتر بە ناوچەکە ببەخشێت.
.