ئەمڕۆ پەردەیان لەسەر لادا

هەڵەبجە چاکە و پیاوەتی لەبیر ناکات؛ پەیکەریان بۆ ئۆربیل جۆزێف دروستکرد


وریا فەتاح

هەرچى چاکە و پیاوەتى بەسەر کوردەوە هەبێت، رۆژێک دێت پاداشتەکەى وەردەگرێتەوە، ئەوەتا ئەمڕۆ، وەک وەفایەک بۆ خزمەتە گەورەکانی بە مێژوو و کولتووری کوردی، پەردە لەسەر پەیکەری زانا و رۆژهەڵاتناسی دیاری رووسی (ئۆربێل جۆزێف ئەبگارەڤیچ) لادرا.
مەراسیمەکە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو کە پێکەوە پەردەیان لەسەر پەیکەرەکە لادا، و لە باخچەی بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە جێگیر کرا.
پەیکەرەکە کە لەلایەن پەیکەرسازی کورد (هاوار عەلی مەردان)ەوە دروستکراوە، درێژییەکەی دوو مەتر و 55 سانتیمەترە، و ئەمە کۆپییەکی پەیکەرەکەیە، بڕیارە پەیکەرە رەسەنەکە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دابنرێت.
ئۆربێل جۆزێف کێیە و بۆچی پەیکەری بۆ دەکرێت؟
پ. د. ئۆربێل جۆزێف ئەبگارەڤیچ، یەکێکە لە زانا ناودارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و بە دامەزرێنەری کوردناسی لە شاری سانت پترسبۆرگ دادەنرێت.
ئەم کەسایەتییە وەک پارێزەری گەنجینە و مێژووی کورد سەیر دەکرێت، چونکە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا رۆڵی گەورەی هەبووە لە پاراستنی سەرچاوە مێژووییەکانی کورد لە فەوتان. هەروەها دیارترین دەستکەوتی بۆ کورد، کردنەوەی بەشی کوردناسی بوو لە پەیمانگای دەستنووسە رۆژهەڵاتییەکان لە شاری لینینگراد لە ساڵی 1959.
لە رووی بنەچەشەوە، باوکی ئۆربێل ئەرمەنی بووە و دایکیشی سەر بە میرەکانی (دەڵگەڕووکی)ـە، کە بەپێی لێکۆڵینەوەی بەشێک لە مێژوونووسان، ئەو بنەماڵەیە بە بنەچە کوردن.

بیرۆکەی دروستکردنی پەیکەر بۆ ئەم زانا رووسییە، پێشنیازی د. دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە رووسیا و کونسوڵخانەی گشتیی رووسیا بوو لە هەرێم.
دواتر وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رەزامەندی لەسەر دەربڕی و تەواوی بودجەی پڕۆژەکەی لەئەستۆ گرت. رێککەوتنی کۆتاییش لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە رێکەوتی (29ی تەمموزی 2026) لە میانی کۆبوونەوەی نێوان حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و ماکسیم رۆبین، سەرکونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر راگەیەندرا. هەروەها کاری دروستکردنەکەشی بەخشرایە هونەرمەند (هاوار عەلی مەردان) کە لە ئێستادا قوتابیی ماستەرە لە وڵاتی ڕووسیا.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح