دیمەنی رزگارکردنی کۆبانێ پاش شەڕ _ وێنە: ئاژانسەکانی هەواڵ
19ـى تەممووز
لە کۆبانێوە دەستیپێکرد؛ 13 ساڵ بەسەر شۆڕشى رۆژئاواى کوردستان تێدەپەڕێت
964+
وریا فەتاح
سبەینێ، 13 ساڵ بەسەر دەسپێکردنى شۆڕشى رۆژئاواى کوردستان تێدەپەڕێت کە رۆژى 19ـى تەموزى 2012 لە شارى کۆبانێیەوە دەستیپێکرد و دواى کۆنتڕۆڵکردنى سەرجەم دامودەزگاکان، لە ماوەیەکى کورتدا سەرجەم ناوچەکانى رۆژئاواى کوردستان لە دەست رژێمى سوریا دەرهێنرا.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە یادی سێزدەهەمین ساڵیادی شۆڕشەکەدا راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،” ئەو شۆڕشەی کە بووە خاڵی وەرچەرخانێکی چارەنووسساز لە مێژووی گەلان و پێکهاتەکانی ناوچەکەدا و قۆناغێکی نوێی دامەزراند کە ناونیشانی ئازادی، کەرامەت، پێکەوەژیان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە.”
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەداوە کە شۆڕشەکە لە کاتێکی هەستیاردا هەڵگیرسا کاتێک سووریا لە “گێژاوی توندوتیژی و ستەمکاریدا” نوقم ببوو.
بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر روونیى کردووەتەوە، لەماوەى رابردوودا توانیویانە بناغەکانی ئیدارەی مەدەنی، بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە بڕیاردان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری دابمەزرێنێت، وەک دەڵێت،”ئەمەش وایکردووە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ببنە نموونەیەکی پەیڕەوکراو لەسەر ئاستی سووریا لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە، حوکمڕانیی دروست و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.”
داواشى کردووە بە یەکخستنی هەوڵەکان دەتوانرێت پارێزگارى لە دەستکەوتەکان بکرێت و پەرە بە پڕۆژەى دیموکراتی و بەشداریکردنى کاریگەرى لایەن و پێکهاتەکان و بنیاتنانى سوریایەکى نوێ بکرێت.