بە "نەورۆز" دەستی پێکردووە

لەتیف هەڵمەتی شاعیر هۆنراوەیەک بۆ کۆبانێ دەنووسێ

964+
ئەحمەد مستەفا

شاعیری نێوداری کورد، لەتیف هەڵمەت هۆنراوەیەك لە ژێر ناوی “نەورۆزی ئەمساڵ لە كۆبانێ” دەنووسێ و پێشكەشی خەڵکی خانەخوێی دەکات لە کۆبانێ-ی رۆژئاوای كوردستان.

ئەو لە هۆنراوەکەیدا رەگی کوردایەتی و نیشتمانی تێدا تۆخ کردووەتەوە و دەڵێ، ئیتر ئاسمان هی کۆترە، نەک فڕۆکەی هەزار باڵ، لەمەودوا منداڵانی كورد لە كۆبانێ دەبابە تێكشكاوەكانی دەوڵەتی تورك دەكەن بە كولانەی باڵندە.

لەتیف ھەڵمەت، ساڵی 1947 لەدایکبووە، ساڵی 1979 دەستی کردووە بە نووسین لە بواری منداڵاندا، یەکەم بەرھەمیشی (جوانترین دێ) بووە کە بڵاوی کردووەتەوە، لەتیف هەڵمەت، زیاتر لە بیست دیوانە شیعری هەیە، تا ئێستا 17 بڵاوکراوەی بۆ منداڵان ھەیە، ساڵی 2006 بەرھەمەکانی کۆکراوەتە کە دەکاتە 500 لاپەڕە.

دواین جار کە لە 964 دەرکەوت، کاتی چوونی تیمەکانی سەرژمێری بوو بۆ ماڵەکەی، لەتیف هەڵمەتی شاعیر، پێشوازییەکی گەرم و گوڕی لێکردن، تەنیا 10 چرکەی پێویست بوو ئەوکات بۆ ئەوەی شیعرێکی تازە بۆ کەرکوک بهۆنێتەوە، ئەم هۆنراوە نوێیەشی بۆ کۆبانێ، خۆیی لە پێگەکەی بڵاوی کردووەتەوە.

دەقی هۆنراوەكەی، لەتیف هەڵمەت:-

نەورۆزی ئەمساڵ لە کۆبانی

گوێ ڕادێرن .. گوێ ڕادێرن

بۆ کورتەی کورتەی هەواڵ :

ئیتر ئاسمان هی کۆترە

نەک فڕۆکەی هەزار باڵ

لەمەودا لە کۆبانێ منداڵ

دەبابە شکاوەکانی تورکیا

لە لووتکەی ئەم چیا و ئەو چیا

بۆ مریشک و جوچکەکان

دەکەن بە کولانە و بە ماڵ

لوولەی تفەنگی جەندرمەی تورک

دەکەن بەنای و بە شمشاڵ

قۆناخی تفەنگی کوردکوژەکان

دەسووتێنین بۆ جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ …

ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێ

لەسەر هەزاران لووتکە و یاڵ.