دیمەنی یەکێک لەو خانووانەی لە گهڕهكی كارێزانی ههولێر درۆن لێیداوە - وێنە؛ ئەرشیفی 964
بەهۆی دەستدرێژییە سەربازییەکان
حکومەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
حکومەتی عێراق بڕیاریدا، قەرەبووی قوربانیانی ئەو دەستدرێژییە سەربازییانە بکرێتەوە کە لە ماوەی رابردوو کراونەتە سەر ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا ئەمڕۆ سێشەممە 28.4.2026، بڕیاریدا پارە تەرخان بکرێت وەکو قەرەبووکردنەوە بۆ کەسوکاری شەهیدان و برینداران و لێقەوماوانی ئەم دواییەی هێرشە سەربازییەکانی سەر خاکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکراوەتەوە هیچ وردەکارییەک لەبارەی بڕ و چۆنیەتی قەرەبوکردنەوەکە ئاشکرا نەکراوە.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی 10.4.2026 لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو، لە سەرەتای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 جار رووبەڕووی هێرش بووەتەوە و ئەو دۆخەشی بە “قبووڵنەکراو” بسکرد و هۆشداریدا لەوەی سەقامگیری عێراق بەندە بە توانای دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان.
رۆژی 29.3.2026 یش، پارێزگای هەولێر داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد بەرپرسیارێتی یاسایی خۆی لەچوارچێوەی بودجەی قەرەبووکردنەوە جێبەجێ بکات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو هاوڵاتیانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی هێرشە “تیرۆریستی و نایاساییەکانی” فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج.