عێراق ناکشێتەوە

سێیەم بەرهەمهێنەرى نەوتە؛ ئیمارات لە ئۆپیک کشایەوە

964+

وریا فەتاح

دوای ئەوەی ئیمارات بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ کشانەوە لە رێکخراوی ئۆپێک دا، دوو بەرپرسی باڵای نەوتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە (28ـی نیسانی 2026) جەختیان لەوە کردەوە کە بەغدا پابەندە بە مانەوەی لە ناو رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت “ئۆپێک” و هاوپەیمانیی “ئۆپێک پڵەس”.

ئەو دوو بەرپرسە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەیان بەوە کردووە کە عێراق پێی باشە لەناو رێکخراوێکی بەهێزدا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی نرخی نەوت لە ئاستێکی جێگیر و پەسەندکراودا دەمێنێتەوە.

ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئیمارات بڕیاری دا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بە یەکجاری لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بکشێتەوە.

ئیمارات سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ناو ئۆپێکدا و رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت، لە دوای سعودیە (نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل) و عێراق کە بە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل لە پلەی دووەمدایە.

بەوتەى زیاد هاشمی، شارەزای ئابووری، رایگەیاند کە هۆکاری کشانەوەی ئیمارات دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییەکانی لەگەڵ سعودیە لەسەر بڕیارەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی پشکی نەوت.

هاشمی پێی وایە ئەمە رەنگدانەوەی قووڵیی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە لە دۆسیەکانی دیکەشدا، هاوکات پێشبینیشی کرد کە ئەم بڕیارەی ئیمارات لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی لەسەر داوای وڵاتانی ئەندام، پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق زیاد بکرێت.

لاى خۆیەوە، سوهەیل مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم کشانەوەیە نەرمی و ئازادییەکی زیاتر بە وڵاتەکەی دەدات بۆ “دابینکردنی پێداویستییە داهاتووەکانی جیهان لە بواری بەرهەمە خاوەکان و پێترۆکیمیاوییەکان”.

بەپێى هەواڵێکى ئاژانسی هەواڵی ئیمارات، ئەم بڕیارە لەگەڵ “دیدگای ستراتیژی و ئابووری درێژخایەن”ـی وڵات و گەشەسەندنی کەرتی وزەدا دەگونجێت، بەتایبەت بۆ خێراکردنی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وزەدا.

بڕیارەکەى ئیمارات لەخۆوە نەبووە، وەک ئاژانسەهەواڵییەکەیان باسى کردوە، بڕیارەکە دوای “پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ سیاسەتی بەرهەمهێنانی ئیمارات و تواناکانی ئێستا و داهاتووی” دراوە، لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی و وەڵامدانەوەی پێداویستییە هەنووکەییەکانی بازاڕ.

رێکخراوی ئۆپیک رێگە بە عێراق دەدات نەوتی زیاتر بەرهەمب...

رێکخراوی ئۆپیک رێگە بە عێراق دەدات نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنێت