نزیكەی 250 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن

سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی بۆ هۆبەی فرۆشیاری وزەی دهۆک و زاخۆ و باتیفا دانرا

محەمەد فاتیح

سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی لە هۆبەی فرۆشیاری وزەی دهۆک و زاخۆ و باتیفا كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، کە نزیکەی 250،000 هاوبەش سوودی لێدەبینن.

ئەم سیستەمە نوێیە، لە هۆبەکانی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێت و سوودی دەبێت لە راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیيان و پڕۆسەی پسوولەکردن بەشێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر.

وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان، رونیكردەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت، کە پێشووتر هەمان سیستەم لە هۆبەکانی فرۆشیاری هەولێر و سلێمانی جێبەجێکرا و رەنگدانەوەی چاکسازییەکانی پڕۆژەی رووناکییە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2026.

وەك لە بڵاوكراوەكەدا هاتووە، بەگەڕخستنی ئەم سیستەمە نوێیە لە دهۆک و زاخۆ و باتیفا، بەشێکە لە پلانەکانی داهاتووی وەزارەتی کارەبا بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە دیجیتاڵیە، لە هەر 25 هۆبەی فرۆشیاری ووزە لە هەرێمی کوردستان و لە ئێستادا زیاتر لە 50%ـى هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوود لە یەک سیستەمی دیجیتاڵی یەکگرتوو وەردەگرن بۆ راییکردنی مامەڵەکانییان.

لەچوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی، نزیکەی 4 ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە، کە دەکاتە زیاتر لە 50٪ـى کۆی دانیشتوانی کوردستان.