لە گوندی تەپەکەڵ بەرناکەوێ

شێلمەکەی شارەزوور پێگەیشت و هەر بەلێو دەخورێ

بڕوا مەجید – شارەزوور

شێلمەکەی شارەزوور پێگەیشت و لە گوندی تەپەکەڵ نۆبەرە بە 600 دینار دەفرۆشرێت.

لەگوندی تەپەکەڵی شارەزوور، جوتیاران دوای هەڵکەندنی شێلمەکانیان بە ئاوی سارد و زوڵاڵی کانی دەیشۆرنەوە و دەیخەنە بازاڕەوە.

مادیح سەباح جوتیارێکی بە ئەزموونی گوندەکە بە 964ـی وت، “لە رۆژی 20ـی مانگی هەشتەوە تۆوەکانمان چاندووە، ئێستا پێگەیشتووە و رۆژانە دەچینە ناو زەوییەکانمان بە گەڵاوە هەڵیدەکەنین”.

“عەرزەکە تەڕە و شێلمەکان قوڕیان پێوەیە، بۆیە هەمووی دەهێنینە سەر سەرچاوەی ئاوی گوندی کانیکەوە و پوخت و جوان دەیشۆرینەوە”، مادیح سەباح وای وت.

بەقسەی ئەو جوتیارە، دوو جۆر شێلم خواستی زۆر لەسەرە ، شێلم بەگەڵاوە ئەوجۆرە بۆ ترخێنە (تەڕەساس) بەکاردێت، شێلم بەسەلک، ئەوەیان بۆ کوڵاندن و دروستکردنی ترشیات بەلەزەتە.

شێلمە ناسکەکەی دەشتی کیلۆی 500 بۆ 600 دینار دەکات و تا ماوە خۆتی بگەیەنێ و زەخیرە بۆ زستان بخە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری