شارەوانی سلێمانی:

ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی تووەسپی بۆ سەر شارەوانی تەواوکراون

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، ئامادەکارییە یاسایی و تەکنییەکییەکان بۆ گواستنەوەی ناوچەی تووەسپی بۆ سەر سەرۆکایەتی شارەوانی تەواوکراون و چاوەڕوانی پەسەندکردنی کۆتایین.

شارەوانی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشەممە لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیدار و لێپرسراوانی بەشە پەیوەندیدارەکانی شارەوانی کۆبوویەوە بۆ باسکردنی دواین رێکارەکان لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە گواستنەوەی سنووری ناوچەی تووەسپی بۆ سەر سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئامادەکارییە یاسایی و تەکنییەکیان تەواوکراون و چاوەڕوانی وەڵام پەسەندکردنی کۆتایین لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدارەوە.

ئەوەش هاتووە، جەخت لە خێراکردنی پرۆسەی ناردنی رووپێوی و مەسحی شارەوانی ناوچەکە کرایەوە بۆ ئەوەی سەرجەم رێکارە ئیداری و یاساییەکان بەخێرایی کۆتاییان پێ بهێنرێت و دوای وەرگرتنی وەڵام، تەواوی ئەرکەکان بەزووترین کات جێبەجێبکرێن.

پێشتر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم شارەوانی تووەسپی هەڵوەشایەوە و خرایە سەر شارەوانی سلێمانی.