"هەیە چلەی هاوین کڕیویەتی"

سۆپا هاتەوە مەیدان و گرانیش بووە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

هێشتا لە هەولێری پایتەخت گەرما هەر ماوە، کەچی سۆپا هاتەوە مەیدان و لەگەڵ دەست نەکەوتن و گرانبوونی نەوت لەبری ئەوەی هەرزان ببێ، گران بووە.

بندیان سامی دوکانی سۆپا و ئامێرە گەرمکەرەوەکانی هەیە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “لە ئێستاوە بەشێک لە هاوڵاتیان کەوتوونەتەخۆ و خەڵک هەیە، چلەی هاوین و لە جەرگەی گەرمادا، کاتێک موبەڕیدەمان فرۆشتووە، هاتووە سۆپای کڕیوە”.

وەک دەڵێت، سێ جۆر سۆپایان هەیە، ئێرانی، چینی و یابانی، هەر یەکێکیان 10 بۆ 20 دۆلاریان چووەتەسەر و بەراورد بە پارساڵ گرانتر بوون.

بندیان باسی چۆنیەتی پاراستنی پڵیتەی سۆپا دەکات و دەڵێت، ئەگەر سۆپاکە یابانی بێ و پڵیتەکەی ئەسڵ بێ، با 15 بۆ 20 رۆژ جارێك بە بێ نەوت بکوژێنرێتەوە، بەڵام بۆ سۆپای ئێرانی ئەوە دەست نادات و دەبێت، جاربەجار پڵیتەکەی خاوێن بکرێتەوە، چونکە هی ئەو قوماشە و دەسووتێ.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری