سوپای عێراق هەوڵ دەدات بڵاوەیان پێبکات
لە پردێ دژی کوژرانی دوو مێردمنداڵەکە خەڵکێکی زۆر هاتوونەتە سەرجادە
کاروان ساڵحی – پردێ
لە پردێ دژی کوژرانی دوو مێردمنداڵەکە خەڵکێکی زۆر هاتوونەتە سەرجادە و سوپای عێراقیش دەیەوێ بڵاوەیان پێبکات.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 27.9.2026 دژەتیرۆری عێراق لەکاتی راوەدوونانی چەکدارانی داعش، بەهەڵە دوو مێردمنداڵیان بەناوەکانی موراد زانا و محەمەد هێمن لەناو مارکێتێک لە پردێ کوشت کە تەمەنیان 14 بۆ 15 ساڵ دەبوو.
محەمەد هێمن کوڕی خاوەن مارکێتەکە بوو و لە رۆژی رووداوەکەوە بێسەروشوێن بوو، ئەمڕو دوای دوو رۆژ دەرکەوت لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە بە هەڵە بەتیرۆریست لەقەڵەم دراوە و کوژراوە.
ئەو رووداوە دەنگدانەوەی گەورەی لە شەقامی کوردی و عێراقیدا دروستکردووە و قەول وایە حکومەتی عێراق لیژنەیەک بۆ لێکۆلێنەوە لە رووداوەکە پێکبهێنێت.
ئەمشەو ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گوندی قەرەبەگ هاتوونەتە سەرجادە و دەیانەوێ خۆپیشاندان بکەن، 964 لەزاری چەند شایەتحاڵێکەوە زانیویەتی کە سوپای عێراق چووەتە شوێنەکە و هەوڵ دەدات بڵاوە بە خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری