"رێگە قاچاخەکان بەهۆی بەفرەوە داخراون"

خواست لەسەر ئاژەڵی ناوخۆیی زیادی کردووە

964+

مەجید بیتوێنی – راپەرین

سزاکانی گومرگی راپەڕین هێنانی ئاژەڵی قاچاخی نەوەستاندووە، بەڵام بەفر ئەو کارەی کرد، بە گرتنی رێگە شاخاوییەکان خواست لەسەر ئاژەڵی ناوخۆیی زیادی کردووە.

بەدواداچوونی تۆڕی964دا دەریدەخات، بە هۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان، هێنانی ئاژەڵی قاچاخ بۆ مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی حاجیاوا وەستاوە، ئەمەش نرخی ئاژەڵی ناوخۆیی بەرز کردووەتەوە.

ئیدارەی راپەڕین  25 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، جگە لە مەرزی فەرمیی کێلێ، چوار مەرزی دیکەی نافەرمیشی لەگەڵیدا هەیە.

عەبدوڵا رەسوڵ، ئاژەڵفرۆش لە مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی حاجیاوا دەڵێت “هەموو ساڵێک ئەم وەرزە بازاڕی ئاژەڵی ناوخۆیی زیاتر دەبێت، چونکە ئاژەڵی قاچاخ لە ئێرانەوە ناهێندرێت و بە هۆی بەفرەوە رێگە دەگیرێت.

بە گوێرەی زانیاریەکانی تۆڕی 964 ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو سنوورەدا زیاتر لە دوو مەتر و نیو بەفر باریوە. 

جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی راپەڕین بە تۆڕی 964ی وت  “هەر کەسێک ئاژەڵ لە ئێرانەوە بهێنێت، دەبێت پێشتر مۆڵەت و رەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵ وەربگرێت”.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ساڵی رابردوو دەستی بەسەر دوو هەزار و 980 سەر ئاژەڵی قاچاخدا گرتووە و ئەنجامدەرانیشیان رووبەڕووی یاسا کردووەتەوە.