دوێنێ لێیان خۆش بوون

قوتابخانەکەی یارا بۆ دایک و باوکی: سوپاس بۆ باوەڕی قوڵتان لەم کاتە سەختەدا

ئەحمەد مستەفا

کۆمەڵگەی پەروەردەیی ڕۆیاڵ کەنەدیانی نێودەوڵەتی، لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دایک و باوکی قوتابی “یارا” دەربڕی و هەڵوێست و دڵفراوانی بنەماڵەکەی بە شایستەی رێز و پێزانین زانیوە.

چیرۆکی یارا ئاریان مەحمود، کچە قوتابی تەمەن 10 ساڵان، یەکێکە لەو رووداوە خەمناکانەی کە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026 لە شاری سلێمانی روویدا و کاردانەوەیەکی زۆری لەناو رای گشتی و ناوەندەکانی پەروەردەدا لێکەوتەوە.

رووداوەکە لە پاش کاتژمێر 03:30ی دوانیوەڕۆ و لەکاتی تەواوبوونی دەوامی قوتابخانەیەکی ناحکومیدا روویدا، یارا بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لە راڕەوی قوتابخانەکەدا بە خێرایی و راکردن بەرەو دەرەوە دەڕوات.

بەهۆی خێراییەکەیەوە، یارا کتوپڕ خۆی دەکێشێت بە دەرگایەکی گەورەی شووشەبەند (جامخانە)ی ناو قوتابخانەکەدا، ئەوەش بووە بەهۆکاری ئەوەی گیان لەدەست بدات.

دوێنێ یەکشەممە 27.9.2026، پەروەردەکاران بە ئامادەیی قوتابخانەکەی و مامۆستایان و کەسوکاریان لە ماڵی یارا کۆبوونەوە و هەرزوو باوکی یارا و دایکی لە قوتابخانەکەی یارا خۆشبوون و هیچ سکاڵایەکیان تۆمار نەکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە پەیامی قوتابخانەکەدا وتراوە، خاوەنی کۆمەڵگەی پەروەردەیی، ستافی کارگێڕی و سەرجەم مامۆستایان، بە دڵێکی پڕ لە هاوسۆزی، سوپاسی دایک و باوکی یارا دەکەن بۆ هەڵوێستە جوان و مرۆڤدۆستانەکەیان لەم ساتە سەختەدا.

کۆمەڵگەی ڕۆیاڵ کەنەدیانی جەختی کردووەتەوە کە یارا بە زەردەخەنە شیرینەکەی هەمیشە لە یاد و بیرەوەرییاندا دەمێنێتەوە و وەک ئەندامێکی هەمیشەیی خێزانە پەروەردەییەکەیان یادی دەکرێت.