گەڕانەوەى ئاوارەکانى سەرێکانى
ئەمڕۆ
کاروانی پێنجەمی ئاوارەکانی سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان گەڕانەوە
964+
وریا فەتاح
کەمێک لەمەوبەر، لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کاروانی پێنجەمی خێزانە ئاوارەکانی شاری سەرێکانی لە کەمپەکانی حەسەکەوە بەرەو زێدی رەسەنی خۆیان لە گوندەوارەکانی تل تەمر، زرگان و سەرێکانی بەڕێکەوت.
ئەم کاروانە نزیکەی 381 خێزانی لەخۆگرتووە. هاوکات لەگەڵ ئەم کاروانەدا، 50 خێزانی دیکەی ئاوارەی خەڵکی حەسەکە کە لە سەرێکانی نیشتەجێ ببوون، بەرەو ماڵەکانی خۆیان لە شاری حەسەکە گەڕانەوە.
گەڕانەوەی ئەم دوو کاروانە دوای تەواوبوونی ئامادەکارییە لۆجستییەکان و دابینکردنی هۆکارەکانی گواستنەوە و پێداویستییەکانی گەڕانەوە دێت، بە مەبەستی رێکخستنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بۆ زێدی خۆیان.
دوێنێ دووشەممە، سیامەند خەلیل، جێگری بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە 964ـى وت، “کاروانەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی دەستیپێکردووەتەوە. ئێمە سەرەتا لە گوندەکانەوە دەستمان پێکردووە، چونکە لە رووی ئەمنییەوە لە یەکەم کاروانی گەڕانەوە بۆ ناو شارەکەدا کێشە دروست بوو. بۆ رێگریکردن لەو کێشە و رووداوانە، بڕیارمان دا سەرەتا ئاوارەی گوندەکان بگەڕێنینەوە.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەکە ناوەستێت و تا ئێستا نزیکەی هەزار گوند هەن کە خەڵکەکەی تێدا نیشتەجێ دەکرێتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە رۆژی سێشەممە یان پێنجشەممە، دوو کاروانی دیکەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە هەڵمەتێکی بەردەوام بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019ـەوە ناچار ببوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە نەهامەتیی چەندین ساڵەی ئاوارەکان و ئاساییکردنەوەی ژیانیان.