هیچ زیانێکمان بەرنەكەوتووە

فڕۆکەخانەی کەرکوک: خشتەی گەشتەكانمان بەردەوامە

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی دوێنێ‌ شەو كرایە ئامانج و چەندین دەنگۆ بڵاوبووەوە، فڕۆكەخانەی كەركوك دڵنیایی دەدات هیچ زیانێكیان بەرنەكەوتووە و گەشتەكانیان بەردەوامە.

ئیدارەی فڕۆکەخانەکە بڵاویكردەوە، “لەبەر رۆشنایی ئەو پڕوپاگەندانەی لە رێگەی هەندێک دەزگای راگەیاندن و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیاوە بڵاوبوونەتەوە، ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک دەیەوێت بۆ رای گشتی و هاوڵاتیان روون بکاتەوە، کە ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە فڕۆکەخانەکە بڵاوبوونەتەوە لەوەی زیانی ماددی یان گیانی هەبووبێت، زۆر دوورن لە راستییەوە.

دەشڵێن، “هەموو بەشەكانی فڕۆکەخانە لە رێڕەوی فڕینی مەدەنییەوە تا ژێرخان و هەموو شوێنەكانی دیكەشی هیچ زیانێکیان بەرنەكەوتووە و هیچ تێکچوونێكی کارکردنی تەکنیکییان نەبووە و خشتەی گەشتەکان بەردەوامە بەپێی کاتە دیاریکراوەکان، لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی فڕۆکەوانی کە لەلایەن ICAO پەسەند کراون”.

دوێنێ‌ شەو چەندین مووشەك ئاڕاستەی پارێزگای كەركوك كرا و یەكێك لە مووشەكەكان فڕۆكەخانەی كەركوكی كردە ئامانج و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە زیانی ماددی و گیانی هەبووە و گەشتەكانی راگرتووە.