"هەموو کارمەندە خۆماڵییەکان هەڵدەگرینەوە"

کۆمپانیایەک بەناوی لایم پشکەکانی کارفوری کڕیوەتەوە

رێباز یونس – هەولێر

کۆمپانیایەک بەناوی لایم ریتەیل پشکەکانی کارفوری کڕیوەتەوە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش دەڵێت، هەموو کارمەندە خۆماڵییەکانی کارفور هەڵدەگرنەوە.

بەڕە وانی بە 964ـی وت، هۆکاری داخستنی کارفور بۆ سیاسەتی خۆیان دەگەڕێتەوە، رەنگە لە چەند وڵاتێک ناوەکەی بگۆڕن و لە هەندێک شوێنیش دایبخەن.

“کارمەندێکی زۆری کوردستانیان فێری ئیشکردن کرد، ئەو کارمەندانە توانیان بچنە دەرەوەی وڵات و کۆمپانیای دیکەش بەڕێوەببەن، ئێمە قەدری ئەو خیبرەیە دەگرین”، بەڕە وانی وات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو کارمەندە خۆماڵییەکانیان بەهەمان موچە و دەرماڵەوە وەرگرتووەتەوە، واتە ئەوانەی ناسنامەی عێراقیان هەیە، بەشێک لە کارمەندە بیانییەکانیش ماونەتەوە تا دوو ساڵی دیکە بۆ ئەوەی کارمەندە خۆماڵییەکان فێر بکەن و دواتر ئەوانیش دەڕۆن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری