ژمارەیەک تاقیگەی تەندروستی کەرتی تایبەت داخران – وێنە؛ تەندروستی راپەڕین
لە دەڤەری راپەڕین
ژمارەیەک تاقیگەی تەندروستی کەرتی تایبەت داخران
شۆڕش قادری
ژمارەیەک تاقیگەی تەندروستی کەرتی تایبەت لە دەڤەری راپەڕین داخران و سزا دران.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین، ئەمڕۆ سێشەممە 3.11.2026 لیژنەکانیان لەگەڵ نوێنەرانی ئاسایش و داواکاری گشتی، چەند تاقیگەیەکی پزیشکی ناو سەنتەری شاری رانیە، چوارقوڕنە، حاجیاوا، کفرەدۆڵ و سەرکەپکانیان بەسەرکردووەتەوە.
لەو هەڵمەتەدا لە نزیکەوە بەدواداچوون و پشکنین ئەنجام دراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی تەواوی مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان، چەند تاقیگەیەک دوایین ئاگادارکردنەوەیان پێدرا و چەند دانەیەکیشان داخران و سزا دران وەک ئەمانەی خوارەوە؛
1-تاقیگەی ئیلیا لە کفرەدۆڵ؛
بڕیاری داخستنی درا بەهۆی پابەندنەبوون و جێبەجێ نەکردنی رێنمایی و مەرجە تەندروستیەکان تا کاتی نەهێشتنی تەواوی سەرپێچی و کەموکوڕییەکان.
2-تاقیگەی حسێن لە حاجیاوا؛
بڕیاری داخستنی درا بەهۆی پابەندنەبوون و جێبەجێ نەکردنی رێنمایی و مەرجە تەندروستیەکان تا کاتی نەهێشتنی تەواوی سەرپێچی و کەموکوڕییەکان.
3-تاقیگەی ئاشتی لە سەرکەپکان؛
بڕیاری داخستنی درا و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر بەرامبەری بەهۆی سەرپێچی یاسایی و پابەندنەبوون و جێبەجێ نەکردنی رێنمایی و مەرجە تەندروستییەکان تا کاتی نەهێشتنی تەواوی سەرپێچی و کەموکوڕییەکان.
4-تاقیگەی رابەر لە چوارقوڕنە؛
بەهۆی پابەندنەبوونی بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان بڕیاری غەرامە (پێبژاردنی) درا بۆ جێبەجێکردنی تەواوی مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان و چاککردنی کەموکوڕییەکان.
تەندروستی راپەڕین دەشڵێت، لەپێناو تەندروستی هاوڵاتیان، لیژنەکانیان بەردەوام دەبن لە پشکنین و بەدواداچوون بۆ سەرجەم شوێن و مەڵبەند و ناوەندە تەندروستییەکانی کەرتی تایبەت.