بازاڕی خێرخوازیی ژنانی ئاشووری لە كەركوك كرایەوە
964+
كاروان ساڵحی ، كەركوك
20 خانمی ئاشووریی دەستڕەنگین و خاوەن كاری سەربەخۆ، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی دایكەوە، بازارێكی خێرخوازییان كردەوە، داهاتی بازاڕەكەش بە بێوەژنان و ژنانی كەمدەرامەتی ئاشووری لە كەركوك دەدرێت.
رێكەوتی 18.3.2023 بە بەشداری 20 خانمی دەستڕەنگین و خاوەن كار، بازارێكی خێرخوازییان بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ناو هۆڵی رۆشنبیریی ئاشوری لە شاری كەركوك كرایەوە.
بازاڕەكە پێكهاتووە لە كەرەستەی جوانكاری و پێداویستی ژنان و خواردن، بە وتەی خۆیان ئەنجامدانی ئەو بازاڕە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی دایك، كە 21ی مانگی مارسە و هەر بۆیە داهاتەكەشی پێشكەش بە ژنانی كەمدەرامەت و بێوەژنان دەكرێت.
بوسەینە ئەلكسان بەشداربووی بازاڕی خێرخوازی بە تۆڕی 964ی وت، دوكانی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ فرۆشتنی جوانكاری ژنان لە گەڕەكی سێكانیان، بۆ چوارەم ساڵە لەسەریەك بەشداری بازاڕی خێرخوازیی ئاشووریەكان لە كەركوك بكات.
وتیشی “ئێمەی ئافرەتانی ئاشووری بیرۆكەی ئەوەمان دانا چۆن بتوانین لە رۆژی جیهانی دایكدا هاوكاری دایكانی كەمدەرامەت و بێوەژنانی ئاشووری بكەین، بۆیە پلانی ئەوەمان دانا لە رێگەی ئەم بازاڕەوە بتوانین داهاتەكەی بەسەریاندا دابەش بكەین.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا