چیدی ناتوانن لە لایڤدا جنێو بدەن
تیکتۆکچییەکان بڕۆنە لای پۆلیس و بەڵێننامە پڕ بکەنەوە
شۆڕش قادری
تیکتۆکچییەکان 15 رۆژ مۆڵەتتان هەیە، بچنە لای پۆلیس و بەڵێننامە پڕ بکەنەوە، چیدی ناتوانن لە لایڤدا جنێو بدەن و خەڵک فێری قسەی ناشیرین بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە تایبەت بەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لایڤ دەکەنەوە و بەتایبەتیش تیکتۆکچییەکان.
لە ئاگادارییەکدا هاتووە، “بە مەبەستی پاراستنی دابونەریت و کەلتوری کۆمەڵایەتی و رێگریکردن لە دیاردەی نەخوازراو، بۆ لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان، سووکایەتیکردن بە یەکدی، یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەرۆکی نەگونجاو، لە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێگەپێدراو نییە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو جۆرە رەفتارانە جگە لەوەی دژ بە بەهای کۆمەڵایەتین، دەبنە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە و تاوان، بۆیە هەرکەسێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
پۆلیسی هەولێر دوا لەو کەسانە دەکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لایڤ دەکەنەوە، لە ماوەی 15 رۆژدا سەردانیان بکەن بە مەبەستی دروستکردنی دۆسيەی تایبەت و پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی رێنماییە فەرمییەکان، هەر کەسێک پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لەبەرامبەر یاسادا.