تەقتەق

مەرگی دوو هاوسەر تەنیا 10 کاتژمێری بەین بوو

+964

عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ

ئاغالە جوامێر و کیژان خوڕشید دوو هاوسەری تەمەن سەروو 75 ساڵ بوون لە قەزای تەقتەق شەوی رابردوو پیاوەکە و بەیانی ئەمڕۆش هاوسەرەکەی گیانیان لەدەستدا.

رێبوار کاکە برازای ئاغالە جوامێری کۆچکردوو به 964ـی وت، ماوەیەکی زۆربوو کیژان خورشیدی ئامۆژنم نەخۆش بوو، ئێمە چاوەڕێی مەرگری ئەو بووین، بەڵام کاتژمێر 11:00ـەی شەوی رابردوو بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو مامم گیانی لەدەستدا و کاتژمێر 9ـی بەیانی ئەمڕۆش لە کاتێکدا سەرقاڵی بەڕێوەبردنی مەراسیمی پرسەکەی بووین، ئامۆژنم گیانی لەدەست دا.

“مامم نەخۆشی فشاری خوێن (زەخت)ـی هەبوو ماوەیەک بوو بەهۆی ئەوەی قاچی شکابوو بارودۆخی خراپ ببوو بەڵام چەند رۆژێک بوو بەرەو باشی دەچوو، بەڵام ئامۆژنم نزیکەی 10 رۆژ بوو بەتەواوی دۆخی تەندروستی ناجێگیر بوو، دوای ئەوەی دوێنێ شەو مامم کۆچی دوای کرد، ئامۆژنم بە مردنەکەی ئەوی نەزانیبوو، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ ئەویش کۆچی دوایی کرد” رێبوار کاکە وای دەگێڕێتەوە.

وتیشی، ئێستا هەردووکیان لەتەنیشت یەکتر و لە گوڕستانی نوێی قەڵاتە بەخاکسپێردراون.

پێداچوونەوە: توانا نەقی