تاكە سەنتەرە لە كوردستان و عێراق

سەنتەری تیشكی ناوەكی بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجە لە سلێمانی كرایەوە

964+

محەمەد فاتیح

چارەسەرێك لە شاری سلێمانی بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دابینكراوە، كە بە سەدان كەس لە هەموو پارێزگاكانی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و عێراق لێی سوودمەند دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.6.2025 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویكردەوە، چارەسەرێكی گرنگی تووشبووانی شێرپەنجە لە سەنتەری ژیانەوە دەستپێدەكاتەوە، بە كردنەوەی چارەسەری براكپێراپی (تیشكی ناوەكی)، کە پێشتر لە سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەر بە تیشک لە شاری سلێمانی بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی دەكرا، بەڵام لە ساڵی 2020 وە ئەم چارەسەرە وەستابوو، ئێستاش دووبارە توانرا ماددەی تیشكدەر بۆ سەنتەری ژیانەوە دابین بكرێت و ئەو جۆرە چارەسەرە دەستپێدەكاتەوە.

دەشڵێن، “سەنتەری ژیانەوە تاكە سەنتەرە توانای پێشكەشكردنی ئەم جۆرە چارەسەرەی هەبێت و بەهۆی بەردەستنەبوونی چارەسەری براكیپێراپی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و عێراق، تووشبووانی شێرپەنجە ناچاربوون گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن و هەندێكجار بەبێ چارەسەر بمێننەوە، بەڵام به دابینكردنی ئەم چارەسەرە بە سەدان تووشبوی شێرپەنجە سوودمەند دەبن لەهەموو پارێزگاكانی كوردستان و عێراق”.

“چارەسەری تیشكی ناوەكی یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی چارەسەری شێرپەنجە بە گشتی و چارەسەر بەتیشك بەتایبەتی، بەكارهێنانی ماددەی تایبەتی تیشكدەر گرێی شێرپەنجەیی یان خانە شێرپەنجییەكان لەناودەبات و پارێزگاری لە ئەندامە تەندروستەكان دەكات”.