لە قەزای هیت

چوار کەس کەوتنە ناو چاڵێکی ئاوەڕۆوە و سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە

سیروان خورشید – خورماتوو

کەمێک پێش ئێستا لە قەزای هیتی سەر بە پارێزگای ئەنبار بەهۆی کەوتنە خوارەوەیان بۆ ناو چاڵێکی ئاوەڕۆ سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە برینداری رزگارکرا.

جەعفەر ئەکبەر کارمەندێکی بەرگری شارستانییە کە بەشداری لە رزگارکردنەکەدا کردووە بە 964ـی وت، “دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەمان، تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی روداوەکە، بەڵام بەهۆی قوڵی چاڵەکە و بوونی گازی ژەهراوی و نەبونی هەوا لەناو ئاوەڕۆکەدا، سێ لەو کەسانە پێش دەرهێنانیان خنکابوون و گیانیان لەدەستدابوو.

دەشڵێت، بەڵام توانیویانە کەسی چوارەم بە زیندویی رزگار بکەن و رەوانەی نەخۆشخانەی بکەن و ئێستا لە ژێر چارەسەری پزیشکیدایە.

کارمەندەکەی بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەشکردووە، شوێنەکە پڕۆژەیەکی تەواونەکراوی خزمەتگوزارییە لەسەر شەقامەکە و سەری چاڵەکە بە کراوەیی جێهێڵدراوە و بەهۆی تاریکی شەقامەکەشەوە سەرەتا دوو کەس کەوتوونەتە ناو چاڵەکەوە، دواتر دوو کەسی دیکە بە مەبەستی بەهاناوەچون و رزگارکردنیان چونەتە خوارەوە، بەڵام ئەوانیش گیریان خواردووە و کەوتوونەتە ناو چاڵەکەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی