کورت و پوخت
با هەواڵت لە دەست نەجێت لە ناوخۆ و دەرەوە بزانە چی روویداوە
ژووری هەواڵ
ئێوارەتان باش و بەهیوای کاتێکی ئارام، بێ پێچ و پەنا پێتان دەڵێین ئەمڕۆ لە بەیانییەوە تائێستا لە ناوخۆ و دەرەوە چی گوزەراوە:
📌سوپای پاسداران: لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، سیستەمی بەرگری ئاسمانیمان فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری MQ1 خستووەتە خوارەوە
📌 محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: تەنیا یەک رێگامان لەبەردەمدایە، ئەویش دوورخستنەوەی هەڕەشە و لابردنی سێبەری جەنگە لەسەر خۆمان.
📌 قالیباف ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بە سەپاندنی فشاری ئابووری بەسەر ئێراندا بە ئامانجی دروستکردنی داڕمان لە ناوخۆوە.
📌 مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران: پێویستە بە زووترین کات لە دۆخی “نە جەنگ و نە ئاشتی” دەربچین چونکە مانەوە لەو دۆخە زیانبەخشە
📌 سوپای لوبنان: 264 کیلۆگرام لە تەقەمەنی کە لە سوریاوە بەقاچاخ هاتووەتە لوبنان، دەستی بەسەرداگیرا و سێ گومانلێکراویش لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرکران.
📌 هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سوریا لە دەوروبەری دیمەشق دەستیان بەسەر بارێکی چەکدا گرت کە ئامادە کرابوو بۆ بەقاچاخبردن بەرەو لوبنان و یەکێک لە تۆمەتبارەکانیشان دەستگیر کرد.
📌 سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق: ئەوەی لە جورف سەخر روویدا هەنگاوەکانی چەکدانانی گرووپەکان خێراتر دەکات و دەیسەلمێنێت کە هەموو چەکەکان لەژێر فەرمانی عەلی زەیدیدان.
📌 وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ سکای نیوز عەرەبییە: پرۆسەی رادەستکردن رێکخستنەوەی هێزەکان لە جورف سەخەر بەپێی خشتە کاتییەکەی خۆی بەڕێوەدەچێت.
لە ناوخۆی کوردستانیش ئەم هەواڵانە هەبوون:
📌 پلاتفۆرمی تێلیگرام لە هەرێمی کوردستانیش رادەگیرێت؛ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، نووسراوێکیان لە حکومەتی عێراقەوە پێگەیشتووە لەبارەی راگرتنی پلاتفۆرمی تێلیگرام و هەر ئەمڕۆ داواکارییەکەیان ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە هەرێم کردووە.
📌 مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست زیاتر لە 50 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و عەلی رەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە 964ـی راگەیاند، مووچەی ئەوان لەسەر داهاتی ناوخۆیە و پەیوەندی بە بەغداوە نییە، بەڵام بە سیاسی کراوە.
📌 سەفین یاسین، سەرۆکى یانەى هەولێر بە 964ـى وت: لەسەر ئەو پشێویەی لە یارییەکەی نێوان دهۆک و هەولێر روویدا، سکاڵایان لەسەر یانەی دهۆک تۆمار کردووە.
📌 ئەمڕۆ قەحتان وەهبی وەنداوی، پارێزگاری نوێی کەرکوک، سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکار بوو.
📌 ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تیکتۆکچییەکی بەناوی (نوردەین) راگەیاند کە شەوانە لە تیکتۆک سووکایەتی بە هاوڵاتییان کردووە و قسەی نەشیاوی وتووە.