وەزیری تەندروستی بۆ 964:
“هەرکات بودجە تەرخانکرا دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە دەکرێت”
ئاکام غەفوور – سۆران
وەزیری تەندروستی هەرێم دەڵێت، هەر کات بودجە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکەی ناو پارکی هەواری شار لە سلێمانی تەرخانکرا، دەست بە دروستکردنی دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1.11.2026 کۆنفڕانسێک بۆ یادی چوار ساڵەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران بەڕێوەچوو و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیش لەوێ بوو، دوای تەواوبوونی کۆنفڕانسەکە پەیامنێری 964 چووە بەردەمی و پرسیاری لێکرد دەربارەی نەخۆشخانەی “هیوای گەورە” کە قەول وایە لەناو پارکی هەواری شار لە سلێمانی دروست بکرێت، وەزیر وتی، “ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندن و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکە هەیە بە دەرخستەی نوێ، نوسراوێکمان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کردووە، ئەوان ئێستا کاری لەسەر دەکەن و پەکێج و نەخشەسازییەکەی پێویستی بە بودجە هەیە، لەگەڵ حازربوونی بودجەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی ناو پارکی هەواری شار دیاریکراوە کە شوێنێکی گشتییە، وەزیر وتی، “شوێنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و شارەوانی سلێمانی دیاریکراوە”.
هەفتەی رابردوو شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایکرد، قەول وایە گەورەترین سەنتەری چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو پارکی هەواری شار بەناوی “نەخۆشخانەی هیوای گەورە” دروست بکرێت.
ئەمڕۆ سامان بەرزنجی ئاشکراشیکرد کە پلانیان هەیە لە سۆرانیش سەنتەری چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە دروست بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری