پێنج رۆژ بەردەوام بوو
فێستیڤاڵەکەی کەلار بە نزیکەی دوو ملیار دینار فرۆش و 250 هەزار گەشتیار کۆتایی هات
میلاد جەلال – کەلار
ئەمڕۆ پێنجەم رۆژ و کۆتایی حەوتەم فێستیڤاڵی بازاڕی کەلار بوو، لەماوەی پێنج رۆژدا نزیکەی دوو ملیار دینار مامەڵە کراوە و سەدان هەزار گەشتیارێش چوونەتە فێستیڤاڵەکە.
پشتیوان محەمەد بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاری لە گەشتوگوزاری گەرمیان بە 964ـی وت، لە ماوەی ئەم پێنج رۆژەی فێستیڤاڵی بازاڕ لە کەلار25 0 ھەزار گەشتیار لە شارەکانی کوردستان و ناوچەکانی خوارووی عێراق و وڵاتی ئێرانیشەوە ھاتبوونە فێستیڤاڵەکە.
“لەرێگەی 230 کۆشکەوە ھەلیکار بۆ نزیکەی ھەزار و 800 کوڕ و کچ رەخسابوو لە فێستیڤاڵەکە لەماوەی ئەو پێنج رۆژە”،پشتیوان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، 11 گروپی گەشتیاری گەشتیاریان ھێناوە بۆ فێستیڤاڵەکە، بایی ملیارێک و 840 ملیۆن دینار مامەڵەی کڕین و فرۆشتن کراوە لە فێستیڤاڵی بازاڕ لە کەلار.
پێداچوونەوە: توانا نەقی