جیاوازیی غازی وشك و غازی شل چییه‌؟

عێراق داهاتی له‌ به‌رهه‌مهێنانی غاز زیاتر ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق روونکردنەوەی لە بارەی هەناردەکردنی غازی شل لەلایەن کۆمپانیای غازی بەسڕه‌وه‌ راگه‌یاند، دووپاتیشیان کردەوە، ئەو غازەی هەناردەی دەرەوە دەکرێت لە کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبادا بەکارناهێنرێت.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نه‌وتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووه‌: “پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانرێت جیاوازی لە نێوان غازی وشک و غازی شلدا هه‌یه‌، غازی وشک بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا بەکاردەهێنرێت، غازی شل بۆ مەبەستی چێشتلێنان و هەروەها وەک سووتەمەنی بۆ کارپێکردنی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت”.

وتیشی، “وەزارەتی نەوت بەرهەمهێنانی غازی شلی زیاد له‌ پێویست هه‌بووه‌، بۆیە هەناردەی دەرەوەی عێراقی کردووه‌ بەمەبەستی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر”.

“پێشتر عێراق هەناردەکردنی غازی شل و به‌رهه‌مهێنانی زیاد له‌ پێویستی خۆی راگەیاندبوو، به‌ڵام نەک ئەو غازە وشکەی کە لە وێستگەکانی کارەبادا بەکاردەهێنرێت”، عاسم جیهاد وای وتووه‌.
وەزارەتی نەوتی عێراق پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو رایگەیاند، کۆمپانیای غازی بەسرە یەکەم باری غازی پرۆپانی “نیمچە ساردکەرەوە”ی هەناردە کردووە.

عیزەت سابیر، بریكاری وەزیری نه‌وتی عێراق به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی راگەیاندووە: “بڕی باری هەناردەکراوی غازی پڕۆپانی زیاتر لە 10 هەزار و 700 تۆن بووە، كه‌ بە یەکێک لەو بارە گەورانە دادەنرێت، کە دەخرێتە بازاڕەوە و لەسەر پشتی تانکەرەکان باردەکرێن”.

ئاماژەی بەوەش کردووه‌، ئەمە لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەت و کۆمپانیای نه‌وتی به‌سڕەدایە بۆ زۆرترین بەرهەمهێنانی غازی وشک و هەناردەکردنی زیادەی غازی شل (LPG) و بەرهەمەکانی دیکە بۆ بازاڕە جیهانییەکان بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتری دارایی.

دانەگاز: بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بووە...

دانەگاز: بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە