لە زیندان بێهۆش بووە

نێرگز محەمەدی لەژێر ئۆکسجیندایە و گۆتێرێس هاتە جواب لەسەری

ئەحمەد مستەفا

دەبێت پەلە بکرێت لە دابینکردنی نەخۆشخانەیەکی پسپۆر بۆ نێرگز محەمەدی، هەر دواکەوتنێک لە دابینکردنی چارەسەری پسپۆڕ دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی، ئەمە قسەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 5.5.2026 گۆتێرێس دەڵێ، محەمەدی لە زیندانی زەنجانەوە بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و بەهۆی بێهۆشبوونی و تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ لە ئێستادا لەژێر ئۆکسجیندا ماوەتەوە.

ناوەندە پزیشکییەکان دەبێت پابەند بن بە گواستنەوەی نێرگز محەمەدی بۆ نەخۆشخانەیەکی پسپۆڕ، چونکە توانای چارەسەرکردنی نێرگز لە نەخۆشخانەی زەنجان نەماوە، ئەمە لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکردووە.

رۆژی هەینی رابردوو نێرگز محەمەدی لە گرتووخانەی زەنجان دوای ئەوەی دووجار بێهۆش بوو تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەیەکی زەنجان گواستراوەتەوە.

بە وتەی مستەفا نیلی پارێزەری نێرگز محەمەدی، داواکاری گشتیی تاران رێگری لە گواستنەوەی دەکات بۆ تاران، بە پێچەوانەی بۆچوونی پزیشکی دادوەری و پسپۆڕان کە جەختیان لەسەر پێویستی چارەسەری ناوبراو لە تاران و لە ژێر چاودێری پزیشکی کەسیدا کردووەتەوە.

نێرگز سەفیە محەمەدی، 51 ساڵ، چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤە، لەدایکبووی شاری زەنجانی ئێرانە و لە شارۆچکەی قوروەی پارێزگای سنە (کوردستان) گەورە بووە، هەروەها دەرچووی بەشی فیزیایە.

لە ساڵی 1999 لەگەڵ تەقی رەحمانی، کە ئەویش پێشتر چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی بووە لە ئێران هاوسەرگیری کردووە و دوو منداڵیان هەیە کە دوانەن.

نێرگز چی کردووە؟
ناوی نێرگز محەمەدی لە دەیەی رابردوودا وەک یەکێک لە راشکاوترین رەخنەگرانی حکومەتی ئێران بەدیارکەوت، پێشتریش وەک چاودێر و چالاکەوان لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەی ناسرابوو.

دەستپێکی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساڵانەی کە قوتابی زانکۆ بووە.

لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لە لوتکەی چالاکیدا بووە لە چاودێریکردنی رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەرگریکردن لە تۆمەتباران و زیندانیانی سیاسی.

وەک جێگری سەرۆک و وتەبێژی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی ئاشتی نەتەوەیی و ئەندامی هەڵمەتی هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی لەسێدارەدان کە بە (لگام) ناسرابوو، رۆڵی بینیوە.

لە ساڵانی رابردوودا بە هەڵوێستەکانی وەکو (پێویستی تێپەڕاندنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی و دیکتاتۆری دینی)، هەروەها (بایکۆتکردنی هەڵبژاردن)، گوڕوتینی بە چالاکییەکانی داوە.

محەمەدی لەو 15 چالاکە سیاسی و مەدەنیە ئێرانیەیە کە پێیوایە دەوڵەتی ئێران چاکسازی هەڵناگرێت و خوازیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەگەڵ ئەوەی لە زینداندایە، دەستی لە چالاکییەکانی هەڵنەگرتووە و چەندین جار لەزیندانەوە لە رێی نامەوە ناڕەزایی دژی دۆخی ژنانی زیندانیکراو بەتایبەت زیندانیانی سیاسی و ئەشکەنجەدانیان، دۆخی نەگونجاوی زیندانەکان و ئازاردانی بەهائیەکان دەربڕیوە.

هەروەها چەندین جار دژی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی بۆ سەر ژنان لە گرتووخانەکان و تەنانەت لە شوێنی دەستبەسەرکردندا کاردانەوەی نواندووە و ناڕەزایەتی دەربڕیوە، لەم بارەیەوە نامەیەکیشی ئاڕاستەی جاوید رەحمان راسپێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ روونکردنەوەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ناردووە.

نێرگز دۆکیۆمێنتارییەکیشی بە ناوی ئەشکەنجەی سپی دەربارەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنانی دەستگیرکراو لە ئێران بەرهەمهێناوە کە لە پەرلەمانی ئەوروپا و بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و ژمارەیەک لە چالاکانی مافی مرۆڤ نمایش کرا.