ئەمریکا داوای لێکردووە

کۆریای باشوور رەنگە بێتە ناو شەڕی دژ بە ئێران

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆریای باشوور دووپاتیکردەوە پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیدا دەکات، سەبارەت بە پەیوەستبوون بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لێکرد ئەو کارە بکات، دوای هێرشکردنە سەر یەکێک لە کەشتییەکانی ئەو وڵاتە لە دەوروبەری گەرووەکە.

وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور ئەمڕۆ سێشەممە 5.5.2026 رایگەیاند کە بە وردی پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیاندا دەکەن، بەبێ ئەوەی پابەند بن بە هیچ گۆڕانکارییەک لەم کاتەدا.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سیئۆل بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەلامەتی رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و دۆخی ئەمنی نیمچە دوورگەی کۆریا، هەڵوێستی خۆی دیاریی دەکات.

دوێنێ دووشەممە لە ناو کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور لە گەرووی هورمز، تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەیەک روویدا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور پشتڕاستی کردەوە کە هەر 24 کارمەندی کەشتییەکە، کە ناوی HMM Namuـە و شەش کەسی کۆریای باشووریان تێدایە، هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە، بەڵام کەشتییەکە زیانی زۆری پێگەیشت.