زانکۆی سەڵاحەدین
پڕۆژەی +SUID
بە ناسنامەی زانکۆی سەڵاحەدین داشکانت بۆ دەکرێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
زانکۆی سەڵاحەدین پڕۆژەیەکی راگەیاندووە بۆ خوێندکار، مامۆستا و فەرمانبەرانی، دەبنە هەڵگری ناسنامەیەکی تایبەت و بەهۆیەوە لە بازاڕکردن و خواردنگە و کافێیەکان داشکانیان بۆ دەکرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر سامان عەبدوڵا ئەمڕۆ سێشەممە 5.5.2026 بە 964ی راگەیاند، پڕۆژەى (+SUID) دەستى پێکرد، کە پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییە بۆ خوێندکار، مامۆستا و فەرمانبەران و کارمەندانی زانکۆی سەڵاحەدین، تێیدا هەڵگرانی ناسنامەی زانکۆکە لە کەرتەکانى تەندروستى، بازاڕیکردن (بە گشتى)، خواردنگە و کافێیەکان داشکانی تایبەتیان بۆ دەکرێت.
وتیشی، ئەمە دەستپێشخەرییە سەرۆکایەتی زانکۆیە و ناوی سودپڵەسە، (+SUID) کە ئاماژەیە بۆ Salahaddin University Identity Plus (سوودى زیاتر وەرگرە لە ناسنامەى زانکۆى سەڵاحەدین).
وتیشی، ژمارەی خوێندکار و مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆی سەڵاحەدین سەرووی 30 هەزار کەس دەبێت، ئەوانە جگە لە خۆیان، دەتوانن وەک هەڵگری ناسنامەکە لەگەڵ کەسى یەکەمى خانەوادەکانیان سوود لە پڕۆژەکە وەربگرن، وەک (دایک، باوک، خوشک، برا، منداڵى هەڵگرى بڕوانامە)، کە دەتوانن لە داشکاندنى تایبەت بە زانکۆى سەڵاحەدین سوودمەندبن.
سامان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە کارەکە یارمەتیدانی کۆمەڵگەی زانکۆی سەڵاحەدینە لە رووی دارایی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بەوان.
ئەوەشی خستەڕوو، کە بەشداربووان لە رێگەی فۆڕمێکەوە داواکاری بۆ وەرگرتنی ناسنامەکە پێشکەش دەکەن.