ئێران ئاراستەى کردوون
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات: زنجیرەیەک هێرشى درۆنى بۆسەر ئیمارات دەستیپێکرد
وریا فەتاح
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکی فەرمی و بەپەلەدا رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە ئێستادا سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاراستە کراون.
وەزارەتەکە بۆ هێورکردنەوەی رای گشتی جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو دەنگە بەرزانەی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا دەبیسترێن، دەرئەنجامی کارکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئیماراتە، کە بە مەبەستی تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان، مووشەکە کروزەکان (گەڕۆکەکان) و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان تەقێنراون.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات هۆشداری توندی داوەتە هاووڵاتیان و داوا دەکات بە تەواوی پابەندی رێنماییەکانی ئەمنی و سەلامەتی بن. لەم چوارچێوەیەدا بڕیار دراوە کە (نزیکبوونەوە، دەستلێدان، یان وێنەگرتنی هەر پاشماوە و تەنێک کە بەهۆی سەرکەوتنی بەرگریی ئاسمانییەوە کەوتووەتە خوارەوە)، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.”