"تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا نییە"

وەزیری جەنگی ئەمریکا: ئاگربەست لەگەڵ ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتووە

+964

ژووری هەواڵ

بە وتەی پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا، تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا نییە و ئاگربەستەکەشیان لەگەڵ تاران هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 5.5.2026، وەزیری جەنگی ئەمریکا، پیت هێگسێت و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، جەنەراڵ دان کەین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا دوایین وردەکاری جەنگیان خستەڕوو.

پیت هێگسێت باسی لەوەکرد کە تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا نییە و ئاگربەستیش لەگەڵ ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، “بێ هیچ دوودڵییەک بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان دەکەین و ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، رووبەڕووی هێزێکی ئاگرینی وێرانکەر دەبێتەوە”.

هەر لەو کۆنگرەیەدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دژی ئێران ئەگەر فەرمانی ئەوەیان پێبگات.

بە وتەی جەنەراڵ دان کەین، 22,500 دەریاوان لە کەنداو گیریان خواردووە و ناتوانن تێپەڕ بن.

ئەو جەنەراڵە ئەمریکیە باسی لەوەکرد، هێرشەکانی ئێران لەو ئاستە نین کە ناچاریان بکەن ئۆپەراسیۆنە جەنگییە فراوانەکان دەست پێ بکەنەوە.

سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا وتی، ئەوان بەدوای هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکدا ناگەڕێن و ئامانجمان پاراستنی رێڕەوی کەشتییەکانە، بۆ ئەو مەبەستەش 100 فڕۆکە سەرقاڵی پاراستنی تەنگەی هورمز و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێرانن.

کۆنگرەکەی ئەمڕۆی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دوێنێ بە درۆن و مووشەکی ئێرانی هێرشکرایە سەر وڵاتی ئیمارات و بەهۆی هێرشەکانەوە سێ هاوڵاتی بە رەگەز هیندی بریندار بوون، هاوکات حکومەتی ئیماراتیش رایگەیاند، بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەیان مافی خۆیانە وەڵامیان بدەنەوە.