داواکارییان هەیە

رەوەندی کوردی لە پێنج شاری بەریتانیا گردبوونەوە؛ هێرش رابگرن

964+

ئەحمەد مستەفا

رێکخراوی حەڤدەی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و رەوەندی کوردی لە پێنج شاری بەریتانیا، بۆ داواکردنی پاراستنی خەڵکی سڤیل لە بەرامبەر هێرشی گروپە چەکدارەکانی عێراق، بۆ سەر هەرێمی کوردستان و راگرتنیان گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.4.2026، لە وڵاتی بەریتانیا و لە هەریەک لە شارەکانی لەندەن لەبەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانجستەر بەردەم کونسڵخانەی عێراق و لە هەریەک لە شارەکانی نیوکاسڵ و بێرمینگهام و گلاسگۆ گردبوونەوەکان ئەنجامدرا.

ئاوات جەمال، چالاکوان لە رەوەندی کوردی بە 964ی وت، گردبوونەوەکان بە مەبەستی هەڵوێست وەرگرتن و ئیدانەکردنی ئەو هێرشە درۆنیانەیە کە لەلایەن هێزە چەکدارەکان و میلیشیاکانەوە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و بووەتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین هاوڵاتی، سەرەڕایی ئاگربەست بەڵام هێرشە درۆنیەکان بەردەوامن بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

وەک وتی، بۆیە ئەمڕۆ لەو چالاکییە داوایان لە حکومەتی عێراق کرد، کە گوشار و کاربکات بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بێلایەنە و بەشێک نییە لەو شەڕە لە هەمان کاتدا داوایان لە حکومەتی هەرێم کردووە کە بە توندی هەڵوێستی هەبێت و کاربکات بۆ وەستانی ئەو هێرشانە نەک تەنیا بە بەیاننامە و ئیدانە کردن.

لە گردبوونەوەکە، داوا لە وڵاتی بەریتانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، کە گوشار لە عێراق بکەن بۆ ئەوەی رێگری بکات لەو گروپانە و دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن.

دیمەنی گردبووەکان لە پێنج شاری بەریتانیا؛