"هێشتا جێی مەترسییە"

ئەمریکا بۆ هاوڵاتیانی: عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی دەستپێکردەوە بەڵام ئێوە مەچن

ژووری هەواڵ

هەرچەندە گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق ماوەیەکە دەستیانپێکردووەتەوە بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پێیوایە وڵاتەکە هێشتا جێی مەترسییە و هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئاگادار دەکاتەوە کە گەشت نەکەن بۆ عێراق.

ئەمڕۆ سێشەممە 5.5.2026 باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، ئاسمانی عێراق کراوەتەوە و گەشتە بازرگانییە سنووردارەکان دەستیان پێکردووەتەوە، بەڵام ئەوانەی بەتەمان لە رێگەی ئاسمانییەوە لەناو عێراقدا گەشت بکەن، پێویستە ئاگاداری ئەو مەترسییە بەردەوامانە بن کە ئەگەری هەیە لە رێگەی مووشەک، درۆن و رۆکێتەوە لە ئاسمانی عێراقدا رووبدەن.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاگاداری هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکاتەوە لەوەی کە، “بە هیچ مەبەستێک گەشت بۆ عێراق نەکەن، ئەگەر لێرەشن، هەر ئێستا جێیبهێڵن”.

لە راگەیەندراوەکەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە میلیشیا ناو دەبات و دەڵێت”میلیشیا تیرۆریستییەکانی عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن، بەردەوامن لە داڕشتنی پلان بۆ هێرشی زیاتر دژی هاوڵاتییانی ئەمریکی و ئەو ئامانجانەی کە پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەیە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا وتیشی، “هەندێک لایەنی سەر بە حکومەتی عێراق بەردەوامن لە دابینکردنی پشتگیریی سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەم گرووپانە”.

هەروەها ئامۆژگاری هاوڵاتیانی هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکی کراوە کە سەردانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەمریکا نەکەن و ئەگەر پێویستیان بە یارمەتی هەبوو، لەرێگەی ئیمەیڵ و تەلەفۆنەوە پەیوەندییان پێوە بکەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوڵاتیانی ئەمریکی لە عێراق دەتوانن لەڕێی وشکانییەوە گەشتی وڵاتانی دراوسێیی عێراق لەوانە (تورکیا، کوەیت، ئوردن، سعودیە) بکەن و لەوێوە بگەڕێنەوە ئەمریکا.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە خزمەتگوزارییە کونسوڵییە رۆتینییەکان لە عێراقدا بە راگیراوی دەمێننەوە، بە هەموو خزمەتگوزارییەکانی پێدانی ڤیزاشەوە.