بڕی 117 ملیار دیناری دیکە بۆ دووسایدی هەولێر – کۆیە تەرخانکرا – وێنە؛ پارێزگای هەولێر
جووتسایدەکە راستەوخۆ دەگاتە کۆیە
هەشت کیلۆمەتری دیکە بۆ جووتسایدی هەولێر – کۆیە زیاد دەکرێت
ژووری هەواڵ
یەک لەسەر چواری پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە تەواو بووە بڕیارە هەشت کیلۆمەتری دیکە بۆ رێگاکە زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگاتە ناو شاری کۆیە.
ئەمڕۆ سێشەممە 5.5.2026 راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد، کارەکانی پڕۆژەی رێگاکە بەردەوامییان هەیە و تا ئێستا 25%ی پڕۆژەکە تەواو کراوە و بڕیار دراوە هەشت کیلۆمەتری دیکە بۆ پڕۆژەکە زیاد بکرێت، ت بە شێوەیەکی راستەوخۆ بگاتە نێو شاری کۆیە.
بەپێی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، سەرەتا درێژیی پڕۆژەکە 34 کیلۆمەتر بووە، بەڵام دوای رەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەشت کیلۆمەتری دیکەی بۆ زیاد کراوە، بەمەش رێگاکە دەگاتە نێو قەزای کۆیە و بە شەقامی 60 مەتریی قەزاکەوە دەبەسترێتەوە.
باس لەوەش کراوە، بۆ زیادکردنی ئەم هەشت کیلۆمەترە بۆ سەر رێگاکە، بڕی 117 ملیار دیناری دیکە تەرخان کراوە، بەمەش کۆی گشتیی بودجەی پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە دەگاتە 677 ملیار دینار.
پڕۆژەی بە جووتسایدکردنی رێگای نێوان هەولێر-کۆیە پڕۆژیەکی ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە رێکەوتی 10ی 10ی 2024 بەردی بناغەی بۆ دانراوە و لە ئێستادا کارکردن تێیدا خێراتر کراوە.