وەزارەتی بازرگانیی عێراق:

بایەعیی ملیۆنێک و 600 هەزار فەرمانبەر بڕاوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشکرای کرد، بەشەخۆراکی ملیۆنێک و 600 هەزار فەرمانبەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بڕاوە، ئەوانەی کە موچەکانیان دەگاتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار.

دووپاتیشی دەکەنەوە، جیاکردنەوەی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لەم بڕیارە، هێشتا لە تاوتوێ و لێکۆڵینەوەدایە.

بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی، تالیب حەسەن نیعمە بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، وەزارەت لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە (1083)ی ئەنجومەنی وەزیرانی ساڵی 2025، لەم بڕیارنامەیەدا راگرتنی کارتی بەشەخۆراکی بۆ ئەو فەرمانبەرانە دیاری کراوە کە موچەکانیان یەک ملیۆن و 500 دینارە یان زیاترە.

روونیشیکردەوە، لەژێر رۆشنایی ئەمەشدا وەزارەت فەرمانێکی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا حکومییەکان کرد بۆ ئامادەکردنی لیستی فەرمانبەرەکانیان بەشەخۆراکیان بڕاوە، کە ژمارەیان تا ئێستا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 600 هەزار کارمەند.

روونیشیکردەوە، راگرتنەکە فەرمانبەران و ئەندامانی خێزانەکانیان دەگرێتەوە، جگە لەو کەسانەی دابینکەری بژێوی خێزانەکانیان نین، کە تەنیا بەشەخۆراکی خۆیان دەبڕێت.

نیعمە ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەت چەندین داواکاری و تانەی پێگەیشتووە بۆ بەخشینی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لەو بڕیارنامەیەی پێشتر ئاماژەی پێکراوە، ئەمە جگە لەوەی بەردەوامە لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەسەر ئەوان و کەسوکارەکانیاندا، بەڵام ئەم بابەتە هێشتا لە ژێر وردبینیدایە و تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.

تالیب حەسەن جەختیشی لەوە کردووەتەوە، وەزارەتەکەیان بە تایبەت لە چوارچێوەی ئەو یاسا و بڕیارنامانەی کە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرکراون، کار دەکات.

هەروەها دەڵێت، ئەو لێبڕینەی بەشەخۆراک ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە کە کەسوکاری شەهید یان قوربانیی تیرۆرن، یان ئەوانەی کە رێژەی کەمئەندامییان 50% یان زیاترە، تەنانەت ئەگەر موچەکانیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاتر بێت.