باران و تواناوەی بەفر هۆکارن

ئاستی ئاوی رووباری خابور لە پێنج مەتر نزیک دەبێتەوە

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەفر و باران ئاستی ئاوی رووباری خابوری بەرزکردووەتەوە و بە وتەی بەڕێوەبەری سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی لە زاخۆ، تەنیا 10 سانتیمەتری ماوە بگاتە پێنج مەتر.

محەمەد یاسین، بەڕێوەبەری سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی لە زاخۆ بە 964 وت، لەدوێنوە بارانی بەخوڕ و بەلێزمە لە تورکیا بەردەوامە و توانەوەی بەفریش هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی رووباری خابور.

ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی، درەنگانی شەو ئاستی ئاوی رووبارەکە گەیشتووەتە 4 مەتر و 90 سانتیمەتر.

بە وتەی محەمەد یاسین، هەرکات ئاستی ئاوی رووبارەکە بگاتە پێنج مەتر ئینجا هاوڵاتیانی دەورووبەری رووباری خابور لە زیان پێگەیشتن ئاگادار دەکەنەوە.

بوژانەوەی رووباری خابور لەکاتێکدایە کە وشکەساڵی و بێ بارانی ساڵی رابردوو، بوو بەهۆکاری دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکە بۆ 34 سانتیمەتر، بەجۆرێک ئەو رێژەیە لە 16 ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە.