ئەمشەو تەرمەکەی رادەستکراوە

بە تەقەی هێزەکانی ئێران کۆڵبەرێک لە کرماشان کوژرا

964+

ژووری هەواڵ

هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران لە بەرزاییەکانی نەوسود تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەوهۆیەوە کۆڵبەرێک گیانی لەدەستداوە.

ئەو کۆڵبەرەی گیانی لەدەستداوە خێزاندارە و باوکی منداڵێکە، خەڵکی گوندی کاکاڕەشی جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆڵبەرەکە ناوی پەیمان ئەحمەدیە، تەمەنی 35 ساڵە و تەرمەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24.3.2024، ژیلا موستەجیر، لە رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بە 964ـی راگەیاند، درەنگانی ئەمشەو تەرمی پەیمانی ئەحمەدی رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤە، لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵ 12 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، 10 کۆڵبەر بە گوللەی راستەوخۆ پێکراون و یەکێکیان لەناو بەفردا رەق بووەتەوە و یەکێکی دیکەیان لەشاخ هەڵدێراوە.

هاوکات 136 کۆڵبەریش بریندارن، ئەمەش بەراورد بەساڵی رابردوو زۆر هەڵکشاوە و بە سێ مانگ نزیک بووەتەوە لە نیوەی ساڵی رابردوو کە بە کۆی گشتی ساڵەکە نزیکەی 300 کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون.

سێ رۆژە کۆڵبەرێک بێسەروشوێنە

سێ رۆژە کۆڵبەرێک بێسەروشوێنە