خەڵکى بانەیە

سێ رۆژە کۆڵبەرێک بێسەروشوێنە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

ماوەى سێ رۆژە کۆڵبەرێکى خەڵکى بانەى رۆژهەڵاتى کوردستان لە سنورى مەرزى سەیرانبەن بێسەروشوینە و هیچ هەواڵێکى نییە، هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستانیش لەسەر ئەو کەسە بۆ 964 قسەیان کردووە.

کۆڵبەرەکە ناوی رەحیم محەمەد زادەیە و تەمەنی 44 ساڵە و خاوەنی سێ منداڵە.

شێروان عومەر، یەکێک لە خزمەکانى ئەو کۆڵبەرەیە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: سێ رۆژە رەحیم مجەمەد زادە بە مەبەستى کارى کۆڵبەرى چووەتە نزیک مەرزی سەیرانبەن، بەڵام لەو کاتەوە بێسەروشوێنە و هیچ هەواڵێکى نییە.

خێزان و کەسوکارى ئەو کۆڵبەرە ئۆقرەیان لێبڕاوە و سێ رۆژە لە سۆراغیدان، بەوتەى شێروان عومەر، خێزانەکەى تەواوى پایەگاکانى ئێرانیان لە نزیک مەرزى سەیرانبەن و بانە بەسەر کردووەتەوە، بەڵام ئەوان پێیان وتوون هیچ کەسێک لەلای ئەوان بەو ناوە دەستگیرنەکراوە و تەقەش لە هیچ کۆڵبەرێک نەکراوە.

بەوتەى شێروان عومەر، دواى ئەوەى لە رۆژهەڵات سۆراغیان کردووە و هیچ هەواڵێکیان نەبووە، خێزانەکەى گومان دەکەن کوڕەکەیان لە هەرێمى کوردستان بێت یان لاى هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکرابێت.

تا ئێستا ئەو خێزانە لە سنورى هەرێم سکاڵایان تۆمار نەکردووە، 964  لە چەند سەرچاوەیەکى ئەمنى سنورى پێنجوێنى و مەرزى سەیرانبەنى پرسى، بەڵام هیچ لایەکیان زانیاریان لە بارەى ئەو کەسەوە نەبوو و رەتیان کردوە ئەو کەسە لاى ئەوان دەستگیرکرابێت یان زانیاریان لەبارەیەوە هەبێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لەماوەی ئەم مانگە هەر رۆژێک کۆڵبەرێک بریندار کراوە

لەماوەی ئەم مانگە هەر رۆژێک کۆڵبەرێک بریندار کراوە

دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە...

دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بەکوژراوی لەژێر بەفر دۆزرایەوە