هاوکاری گومرگ دەکرێت؟

چیتر گومرگ له‌ كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وه‌رناگیرێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرەستە سەربازییە هاوردەکراوەکانی پێشمەرگە دەرکرا و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش ده‌ڵێت، ئەم بریارە دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ مێژووی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9.5.2024 رایگه‌یاند، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییانه‌ بڕیاری بۆ ده‌رچوو، كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ وه‌ك هاوكاری وه‌ریانده‌گرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار، كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، به‌ 964ی وت، حكومه‌تی عێراق گومرگی ده‌خسته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییه‌ پێویستانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ وه‌ك هاوكاری پێشكه‌ش به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كران، به‌ڵام به‌ پێی ئه‌و بڕیاره‌ی دراوه‌، له‌مه‌ودوا ئه‌و گومرگه‌ هه‌ڵده‌گیرێت.

964 پرسیاری ئەوەی کرد، ئایا کەلوپەلی هاوکاری گومرگی دەکەوێتەسەر، سەرچاوەکە هیچ روونکردنەوەیەکی نەدا.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا، كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاویكرده‌وه‌، “دوای کۆبوونەوەی دوێنێ 8.5.2024ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق محه‌مه‌د شیاع سودانی و بە بەشداری فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگه، کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە دەرکران، لەوانە لێخۆشبوونی گومرگی بوو لەو کەرەستە سەربازییانەی کە وەزارەتی پێشمەرگە وەک هاوکاری وەریان دەگرێت لە چوارچێوەی ئەو کۆمەکانەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکەش بە پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌، “ئەم بریارە دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ مێژووی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت، دوای بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هاوکات بەشداربوونی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و پاڵپشتی راستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی زۆری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دەرکردنی ئەم بریارە.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ی به‌شێكی موچه‌ی لیوا هاوبه‌شه‌كانی له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دابین ده‌كرێت، هاوكات به‌ كه‌لوپه‌ل و پێداویستی سه‌ربازییش كۆمه‌ك ده‌كرێت.

چارەسەری بەخۆڕایی بۆ کەسوکاری شەهید و ئەنفال و پێشمەرگ...

چارەسەری بەخۆڕایی بۆ کەسوکاری شەهید و ئەنفال و پێشمەرگە دەکرێت