درەخت گوڵی کرد
جوتیاران لە ئاودانی زۆر بوەستن
964+
ئەحمەد مستەفا
تاوە باران و درێژبوونەوەی وەرزی دابارینی ئەمساڵ، هۆکار بووە بۆ ئەوەی دەیان جۆر درەخت هەر لە ئێستاوە گوڵ بکەن، ئەندازیارێکی کشتوکاڵ دەیەوێت مشورێکی ئەو دۆخە بخوات و بە جوتیاران دەڵێ، واز لە ئاودانی قورس “زۆر” بهێنن.
ئەو دارانەی گوڵیان کردووە، لە دارە بەردارەکانن و هەندێکیان بەرەو پێگەشتنی بەرهەم یەکەم هەنگاویان دەستپێکرد، تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و گوند نشینەکان.
ئەندازیاری کشتوکاڵ وەفا بۆسکانی ئەوەی بە 964 وت، ئەوەی زیاتر چاوی لەسەرە ناوچە گەرمەکانن، دەبێت ئاگاداری ئەوە بن، لەکاتی کشتوکاڵکردن، هەر دارێک کە گوڵی کردووە، ئاودانی قورسی بۆ نەکرێت، چونکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەناسەی ئۆکسجین O2 و زیادبوونی دوانۆکسیدی کاربۆن CO2.
بە قسەی ئەو ئەندازیارە بێت ئەوەش، سیستمی خواردن و گەشەی رووەکەکە تێکدەدات، و دەبێتە هۆی دروستبوونی چەند هۆرمۆنێک لەوانە هۆرمۆنی(ئەسید ئبسیزیک)، دورستبوونی ئەو هۆرمۆنەش هۆکارە بۆ دروستبوونی نەخۆشی و وەرینی گوڵ و گەڵای درەختەکە.
هەرێمی کوردستان چوار رۆژە لەناو وەرزی بەهارە، بەڵام دابارینی تاوە بارانی چەند رۆژی رابردوو کاریگەری جێهێشتووە، بە قسەی کەشناسی هەرێمی کوردستان و پێشبینیکارەکان بێت، بۆ رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 24-25.3.2024 پێشنی بارانی بە خوڕ و تەرزە، لە ناوچەکانی گەرمیان، سلێمانی و هەڵەبجە دەکرێ.