داوا دهكرێت بازگهیهك دابنرێت
هۆشداری لە نەمانی گیا کوێستانییەکانی پێنجوێن دەدرێت
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە لە پێنجوێن هۆشداری دەدات لە نەمانی گیا بههاریهكان له کوێستانەکان و دەیانەوێت هاوڵاتیان هۆشیاربکەنەوە کە گژوگیاكان بە رەگ و ریشەوە هەڵنەکێشن.
بەختیار عەلی، ئەندامی رێکخراوی ملەکەوە بە 964ی وت، گیا کوێستانییەکانی پێنجوێن مەترسی لەسەرە و دەبێت هاوڵاتیان ئاگاداربکرێنەوە و بیپارێزن ئەگەر نا لە ناو دەچن و نامێنن
وتیشی “گیای کاشمە ئەمساڵ تا ئەم ساتە لە کوێستانەکانی شێرە و سریسان یەک چلیش دەرنەهاتووە و گیای “پیچک” و “دۆخەوا”ش بەرێژەی بەرچاو کەمیان کردووە”.
باسی لهوهكرد، ئەگەر حکومەت بتوانێت بازگەیەک دابنێت ئەوا رێکارێکی زۆر باش دەبێت بۆ پاراستنیان، چونکە لەو رێگایەوە رێگری لە هاوڵاتیان دەکرێت بێل ببەنە ناوچە کوێستانییەکان و گیا بەهارییەکانیش هەڵبکەنن بە رەگ و سەلکەوە.
ئاماژهى بهوهشكرد، ئهوان داوا ناکەن هاوڵاتیان نەچنە کوێستانەکان بەڵکو داوا دەکەن کوێستانەکان بپارێزن وتیشی “هەندێک هاوڵاتی بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو گیا کوێستانیانەیە، بەڵام ئەگەر هۆشیاری و پاراستنیش نەبێت ئەوا گیا کوێستانییەکان لە ناو دەچن و نامێنن”.
ئەوەشی خستەروو، دوای جەژن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدەن بە ئامادەبوونی قایمقام و ئەنجومەنی گوندەکان و رێکخراوی ملەکەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە بوونی مەترسی لەسەر گیا کوێستانییەکان.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن